زیلینسکی: ئۆکراین ئامادەیە بە مەرج هێرشکردنە سەر پاڵاوگەکانی نەوتی روسیا رابگرێت
محەمەد رزگار
١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
زیلینسکی مەرجی راگرتنی هێرشەکانی سەر پاڵاوگەکانی نەوتی روسیا دەبەستێتەوە بەوەی مۆسکۆ هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکراین رابگرێت.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین، ئەمڕۆ رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە هێرشەکانی سەر پاڵاوگەکانی نەوتی روسیا ڕابگرێت، بە مەرجێک مۆسکۆ دەستبەرداری هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزەی ئۆکراین بێت، جەختیشی کردەوە کە هەر هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەبێت لەسەر بنەمای مامەڵەی دوولایەنە و بە مسۆگەرکردنی گەرەنتی راستەقینە بۆ پابەندبوون پێوەی بێت.
زیلینسکی لە پەیامێکدا ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی ئامادەیە هەنگاوی پێویست بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان بنێت، ئەگەر روسیاش ئارەزوویەکی هاوشێوە نیشان بدات بۆ راگرتنی ئامانجدانە سەر بنکەکانی وزەی ئۆکراین، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان هەردوولا و کاریگەرییەکانیان لەسەر ژێرخانە سەرەکییەکان بەردەوامن.
سەرۆکی ئۆکراین ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردە ئەوروپییەکان سەبارەت بە پێشهاتەکانی مەیدانی و پێداویستییە بەرگرییەکانی وڵاتەکەی، ئاماژەی بەوەشکرد کە پەیوەندییەکان رۆژانە بەردەوامن بۆ تاوتوێکردنی دابینکردنی پاکێجی نوێی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی و پێدانی تەقەمەنی پێویست بۆ فڕۆکە جەنگییەکان، بە ئامانجی بەهێزکردنی تواناکانی ئۆکراین لە رووبەڕووبوونەوەی روسیا.
ئەم لێدوانانەی زیلینسکی لە کاتێکدا دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، رۆژی شەممە داوای لە ئۆکراین کردبوو سەرۆکەکەی خۆی بگۆڕێت و رایگەیاندبوو، باشترە زیلینسکی واز لە هێرشکردنە سەر پاڵاوگەکانی نەوتی روسیا بهێنێت.



