ترەمپ: ئەڵمانیا بەهۆی سیاسەتی وزەی سروشتییەوە بەرەو داڕمان و مایەپوچبوون دەچێت
لازیا عەلی
١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رەخنەی توند لە سیاسەتەكانی وزەی ئەڵمانیا دەگرێت و دەڵێت، پشت بەستن بە وزەی سروشتی، وڵاتەكەی بەرەو داڕمان و مایەپووچبوون بردووە.
دۆناڵد ترەمپ لە وتارێكیدا لە ویلایەتی تێنسی جارێكی تر دژایەتیی خۆی بۆ پەرەپێدانی وزەی سروشتی وەك خۆر و ئاو دووپاتكردەوە و رایگەیاند، ئەمریكا هیچ پێویستییەكی بەم جۆرە وزەیە نییەو ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو دەوڵەتانەی پشت بە وزەی سروشتی دەبەستن لە لێواری مایەپووچبووندان.
وتیشی: ئەڵمانیا بەهۆی ئەم سیاسەتەوە تەنها دوو رۆژی مابوو لەناو بچێت، بێ ئەوەی هیچ ئامار یان بەڵگەیەك بۆ پشتڕاستكردنەوەی قسەكانی بخاتەڕوو.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە چوارچێوەی ناكۆكییە بەردەوامەكانیەتی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا لەسەر دۆسیەی ژینگە، لە كاتێكدا سەرۆكی ئەمریكا بەردەوام داوای زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت، غاز و خەڵوز دەكات وەك سەرچاوەی سەرەكی بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشی وزە و بووژانەوەی ئابووریی وڵاتەكەی.



