لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە نزیکەی کاتژمێر و نیوێکی خایەند، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، پرسی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران و جەنگی ئۆکرانیای لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێ کرد.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی "تاس"ی روسی، کۆشکی کرملین ئاشکرای کردووە کە پوتین پێشوەختە هەماهەنگی لەگەڵ تاران کردووە و دیدگا و روانگەی ئێرانی بۆ چارەسەرکردنی ئەگەریی قەیرانەکە بە سەرۆکی ئەمریکا گەیاندووە.

لە چوارچێوەی هەوڵەکاندا، پێشنیازی روسیا بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ خاکی روسیا وەک بژاردە و دەرچەیەکی سەرەکی بۆ ئارامکردنەوەی قەیرانەکە هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە.

لە بەشێکی تری زانیارییەکاندا ئاماژە بەوە کراوە، رەنگە لوتکەی کۆڕبەندی هاوکاری ئابووری وڵاتانی ئاسیا و زەریای هێمن (ئەپیک) لە چین، بێتە دەرفەتێک بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی رووبەڕوو و نوێ لە نێوان پوتین و ترەمپدا.