روسیا جەخت لە بەردەوامیی دەرفەتەکانی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکاتەوە و پێشنیازی یۆرانیۆمیش بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.

کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا 'کرملن' بڵاویکردەوە، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا، هەڵوێستی ئێرانی سەبارەت بە چارەسەرێکی ئەگەری بۆ جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران، گەیاندووەتە دۆناڵد ترەمپی هاوتا ئەمریکییەکەی، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران.

ئاژانسی رۆیتەرز لە ئاژانسی "ئینتەرفاکس"ـی روسیەوە ئاشکرایکردووە، دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرملن، رایگەیاندووە: "بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی ئێران، پوتین دیدگای لایەنی ئێرانی سەبارەت بە چارەسەرێکی ئەگەری بۆ ململانێکان گەیاندە ترەمپ."

ئەوەشخراوەتەڕوو، گواستنەوەی هەڵوێستی ئێران بە هەماهەنگی لەگەڵ پزیشکیان ئەنجامدراوە، بەڵام ناوەڕۆکی ئەو دیدگا پێشکەشکراوە و وەڵامی سەرۆکی ئەمریکای ئاشکرا نەکرد، هەروەها هیچ راگەیەنراوێکی سەبارەت بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە لەخۆ نەگرتبوو.