ترەمپ بۆ ئێران: یان هەموو داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکەیت، یان بوونت نامێنێت
لاوەند سالار حەمەد
١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران دەبێت بەزوویی بڕیاربدات. یان هەموو داواکارییەکانمان جێبەجێ دەکات، یان بوونی نامێنێت. وڵاتەکە لە هەڵئاوساندایە و تەنانەت پارەی نییە مووچەی سوپاش بدات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دۆخی ئێرانی بە قەیراناوی وەسف کرد و رایگەیاند، تاران تووشی هەڵاوسانی %300 بووە و پارەی نییە مووچەی هێزە ئەمنییەکانی بدات. هەروەها جەختیکردەوە کە کۆنتڕۆڵی تەواوی گەرووی هورمزیان لە دەستدایە و پرسی ئێران زۆر بە خێرایی یەکلادەبێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی تاران هۆشداریی دا و رایگەیاند، ئێران هەرگیز خاوەنی چەکی ئەتۆمی نابێت، و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هۆکارێک دەبێت بۆ ئەوەی ئەمریکا هێرش بکاتە سەریان. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران بژاردەیەکی توندی لەبەردەمە، یان ئەوەتا هەموو شتێک بە ئەمریکا دەبەخشێت کە دەیەوێت، یان بە تەواوی بوونی نامێنێت.
لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا، ترەمپ باس لە پرسی وزە و ئابووری کرد و رایگەیاند، لە سایەی هێزی سوپای ئەمریکاوە، ئێستا کۆنتڕۆڵی تەواوی گەرووی هورمز کراوە و قەبارەی هەناردەی نەوت لەو رێگەیەوە لە ئاستی پێش جەنگیش زیاترە. داوای لە پاڵاوگەکان و فرۆشیارانی تاکەکەسی کرد کە دەستبەجێ نرخەکان دابەزێنن، چونکە بڕێکی زۆر سوتەمەنی دابین کراوە و لەم دواییانەشدا روسیا رازی بووە ملیۆنان بەرمیل گازوایل بۆ ئەمریکا بنێرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، ترەمپ رەخنەی لە نەدانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە ئەمریکا گرت و ئەوەی خستەڕوو، نەدانی ئەو خەڵاتە بەڵگەیەکی تر نیشان دەدات کە وڵاتانی وەکو نەرویژ و لایەنەکانی دیکە بەردەوام بەدوای سوودوەرگرتنەوەن لە پێگەی ئەمریکا.



