ترەمپ: بەمزووانە جەنگ لەگەڵ ئێران کۆتایی دێت
محەمەد رزگار
٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
ترەمپ جەخت لە کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران دەکاتەوە و رادەگەیەنێت، واشنتۆن بە تەواوی رێگری لە تاران کردووە بێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن رێگریی تەواوی لە تاران کردووە بێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، دەشڵێت"بەم زووانە بە رێگەیەک لە رێگەکان کۆتایی بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران دەهێنین."
لەبارەی توانای سەربازیی ئێرانەوە، ترەمپ جەختی کردەوە، تاران چیتر هێزێکی ئەوتۆی نەمێنێتەوە و وتی: "ئێران چیتر سوپا، هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی و سیستمی بەرگریی دژە فڕۆکەی بەدەستەوە نەماوە."
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستەسەر رەوشی گەروی هورمز و رایگەیاند، گەمارۆیەکی توندی دەریاییشیان بەسەر گەروەکەدا سەپاندووە و رێگە بە هیچ هاتوچۆیەک بەرەو ئێران یان لە ئێرانەوە نادەن.
سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتیش ئاشکرایکرد، "دوێنێ زۆرترین بڕی نەوت لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە گەروی هورمزەوە تێپەڕیوە کە گەیشتووەتە 28 ملیۆن بەرمیل."
لە کۆتاییدا ترەمپ دڵنیایی دا کە جەنگ لەگەڵ ئێران زۆر بە زوویی کۆتایی پێدێت و ئەمریکا هەموو توانایەکی هەیە بۆ ئەوەی بە هەر رێگەیەک بێت کۆتایی بەم رووبەڕووبوونەوەیە بهێنێت.



