کیم جۆنگ ئۆن: جەنگە پیرۆزەکەی روسیا بە سەرکەوتن کۆتایی دێت
محەمەد رزگار
٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
لە یادی 74 ساڵەی لەدایکبوونی ڤلادیمێر پوتندا، کیم جۆنگ ئۆن پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆکی روسیا دەکات و جەنگی ئەو وڵاتە بە "پیرۆز و دادپەروەرانە" وەسف دەکات.
کیم جۆنگ ئۆن، سەرۆکی کۆریای باکور بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیاوە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە کرد و رایگەیاند، ئەو جەنگە دادپەروەرانە و پیرۆزەی گەلی روسیا بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی وڵاتەکەیان و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی دەیبەن بەڕێوە، سەرەنجام بە سەرکەوتن کۆتایی دێت.
لەنێو پەیامەکەیدا کە ئاراستەی پوتنی کردووە، کیم جۆنگ ئۆن ئاماژەی بەوە کردووە: "دۆستی ئازیزم، ڤلادیمێر پوتن، گەرمترین پیرۆزباییم ئاڕاستە دەکەم؛ شانازی دەکەین بە بوونی پەیوەندییەکی بەهێزی هاوڕێیەتی لە نێوانماندا و کردنەوەی بەشێکی نوێ لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات."
سەرۆکی کۆریای باکور جەختیشیکردەوە، قووڵکردنەوەی هاوبەشیی ستراتیژی و هاوپەیمانییەتی لەگەڵ روسیادا، بڕیارێکی نەگۆڕ و سیاسەتێکی راسپێردراوی حکومەتەکەیەتی و بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی پشتگیری تەواو بۆ موسکۆ.
ئەم پەیامەی کیم جۆنگ ئۆن لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ 7ـی تشرینی یەکەم، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا یادی 74 ساڵەی لەدایکبوونی دەکاتەوە.



