مارکۆ روبیۆ: ئێران دەرفەتەکانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەدەستداوە
بڵند
٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران چەندین دەرفەتی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ واشنتن لەبارەی بەرنامە ناوەکییەکەی دەستداوە، جەختیشی کردەوە کە تاران بە هیچ شێوەیەک دەستی بە چەکی ئەتۆمی ناگات.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا یۆنانییەکەی رایگەیاند، ئێران تەواوی دەرفەتەکانی بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا لە دەستداوە.
رۆبیۆ ئاماژەی بەوەکردوە، بۆ رێککەوتن دەبێت ئێران گرنتی ئەوەبدات نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و هەرگیزیش نابێتە خاوەنی ئەو چەکە.
لەبارەی رەوشی ئێرانیشەوە، وەزیرەکەی ئەمریکا وتویەتی؛ تاران لە ئێستادا لە هەمووکات لاوازترە، تاران توانای درۆن و موشەکیی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبوەتەوە و هێزی دەریایی و ئاسمانیی وڵاتەکە تێکشکێنراون.
لە بارەی رەوشی گەروی هورمزیشەوە، مارکۆ رۆبیۆ دڵنیای داوە، کۆنتڕۆڵی گەروەکە لە دەستی ئێراندا نەماوە و ئاستی گواستنەوەی نەوت تێیدا گەیشتووەتەوە ئاستی پێش دەستپێکردنی جەنگ و ئێستا ئابوری ئێران لە خراپترین رەوشی مێژووی خۆیدایە.



