ئەمریکا راپۆرتەکانی ئێران لەسەر کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی رەت دەکاتەوە
سەوسەن سەید
٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) راستیی ئەو راپۆرتانەی رەتکردەوە کە باسیان لە کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرێکی هێزی دەریایی ئەمریکا دەکرد لە دەریای سووردا.
سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: کەناڵە رەسمییەکانی راگەیاندنی ئێران راپۆرتی ناڕاست بڵاودەکەنەوە و ئیدعا دەکەن کە هەلیکۆپتەرێکی جۆری MH-60Rی سەر بە هێزی دەریایی ئەمریکا لە دەریای سوور کەوتووەتە خوارەوە، ئەوەش دوای ئەوەی شەوی رابردوو بارودۆخی فریاگوزاری راگەیاندبوو.
سێنتکۆم راپۆرتەکانی سەر کەوتنەخوارەوەی هۆلیکۆپتەرەکەی بە ناڕاست وەسف کرد و زیادی کرد: سەرجەم فڕۆکە و کارمەندە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەندروستن و لە شوێنەکانی خۆیان جێگیرن.
شەوی دوێنێ دووشەممە، سیستەمەکانی بەدواداچوونی گەشتە ئاسمانییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو کە بارودۆخێکی فریاگوزارییان لەسەر ئاوەکانی دەریای سوور تۆمارکردووە، بەوپێیەی هەلیکۆپتەرێکی هێزی دەریایی ئەمریکا کۆدی فریاگوزاری بڵاوکردبووەوە پێش ئەوەی لە شاشەی رادارەکان لە بەرانبەرکەناراوەکانی شارۆچکەی یەنبەعی سعودییەوە ون بێت.



