دەستگیرکردنی سەرۆکی پێشووی هەواڵگریی دەرەوەی ئەڵمانیا بە تۆمەتی سیخوڕی
سەوسەن سەید
٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
داواکاری گشتیی فیدراڵی لە ئەڵمانیا رایگەیاند، پۆلیس (ئۆگست هانینگ)، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی وڵاتەکەی بە گومانی سیخوڕیکردن دەستگیرکردووە.
هانینگ لە کانوونی یەکەمی 1998 تا تشرینی دووەمی 2005 پۆستی سەرۆکی دەزگاکەی بەدەستەوە بووە، پێش ئەوەی بگوێزرێتەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی و تا ساڵی 2009 وەک سکرتێری دەوڵەت کاربکات.
بپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی داواکاری گشتی، ناوبراو رووبەڕووی چەندین تۆمەت بووەتەوە، لەوانە: گومانی سیخوڕیکردن دژی دەوڵەت، درکاندنی نهێنییەکانی دەوڵەت، هەوڵدان بۆ خیانەتی گەورە، و کارکردن وەک بریکاری دەزگایەکی نهێنی.
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، فەرمانبەرێکی پێشووی پلەباڵا لە دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ئەڵمانیا دەستگیرکراوە، بە گومانی ئەوەی لە بەرانبەر پارەدا و لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەکدا، سەدان بەڵگەنامەی نهێنیی رادەستی هانینگ کردووە.
پۆلیس بەرەبەیانی ئەمڕۆ هانینگ-ی لە ماڵەکەی خۆی لە رۆژئاوای ئەڵمانیا دەستگیرکرد.
لە هەمان کاتدا، هاوکارەکەی هانینگ کە بەپێی یاساکانی تایبەتمەندیی ئەڵمانیا تەنها بە ناوی "مانفرێد د." ناسێنراوە، لە ویلایەتی باڤاریا دەستبەسەرکراوە.
داواکاری گشتی رایگەیاندووە، دەسەڵاتداران سەرقاڵی پشکنینی موڵک و ماڵی هەردوو تۆمەتبارەکەن، بە شاری بەرلین-یشەوە.
ناوبراو رووبەڕووی تۆمەتی هاوکاریکردن و هاندانی هەوڵی خیانەت و سیخوڕیکردن دژی دەوڵەت بووەتەوە. نوسینگەی داواکاری گشتی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم دوو پیاوە لە ساڵی 2010دا گەیشتوونەتە رێککەوتن لە نێوان خۆیاندا.
بەپێی راگەیەندراوەکەی داواکاری گشتی، "مانفرێد د." لە ساڵی 2012 تا ئاداری 2026 پۆستی سەرۆکی دیوانی بۆ چەندین سەرۆکی یەکبەدوایەکی دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ئەڵمانیا بەدەستەوە بووە، کە لەوێدا دەستڕاگەیشتنی بە زانیاری و بەڵگەنامەیەکی زۆری نهێنی هەبووە.
ئاماژە بەوەش دراوە کە بڕوا وایە "مانفرێد د." تا ناوەڕاستی ساڵی 2022 نزیکەی 2000 بەڵگەنامەی رادەستی هانینگ کردبێت، کە زانیاری و بابەتی بەنهێنیکراویان تێدا بووە.



