دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندیی دا لەسەر جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بە دەستڕێژی گولـلە بۆ ئەنجامدەری تاوانی کوشتنی بەکۆمەڵ لە سەربازگەیەکی تێکساس لە ساڵی 2009، ئەمەش شێوازێکە کە سوپای ئەمریکا زیاتر لە 60 ساڵە بەکاری نەهێناوە.

نیزاڵ حەسەن، کە ئەمریکییەکی موسڵمانی بەڕەگەز فەلەستینییە، لە 5ی تشرینی دووەمی 2009 لە ناوەندێکی پزیشکی لە سەربازگەی گەورەی "فۆرت هود" دەستڕێژی گولــلەی کرد، بە مەبەستی رێگریی لە بەشداریی سەربازان لە شەڕێکدا کە بە "نایاسایی" وەسپیدەکرد لە ئەفغانستان و عیراق.

هێرشەکە، کە لەلایەن کەسێکەوە ئەنجامدرا بە "گورگی تەنیا"ی سەر بە رێکخراوی قاعیدە بوو، بووە هۆی کوژرانی 13 کەس (کە 12یان سەرباز بوون) و برینداربوونی دەیان کەسی تر.

شۆن پارنێڵ، وتەبێژی پێنتاگۆن رۆژی دووشەممە لە رێگەی سۆشیاڵ میدیای "ئێکس"ەوە روونی کردەوە کە پیت هیگسێس، وەزیری بەرگری "پێشنیاری کردووە و سەرۆک دۆناڵد ترەمپیش رەزامەندیی لەسەر داوە، بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بە تەقەکردن لەلایەن مەفرەزەیەکی سێدارەدانی سەر بە سوپای ئەمریکاوە دژی تیرۆریستی سزادراو نضال مالک حسن".

ئەوەشی زیاد کرد: وەزیری سوپا کات و شوێنی جێبەجێکردنی سزاکە دیاری دەکات.

نیزال حەسەن کە پێشتر پزیشکی دەروونی بووە لە سوپادا، لە کاتی هێرشەکەدا بە سەختی بریندار بوو و لە ئێستادا تووشی ئیفلیجی نیوەیی بووە.

لە ساڵی 2013دا دادگایەکی سەربازی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند و لە ئێستادا لە بەندیخانەیەکی سەر بە سوپا لە ویلایەتی کانساس لە ناوەڕاستی وڵات دەستبەسەرە.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە گفتوگۆی بەردەوام و مێژویی لەسەر جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هەیە، بەتایبەت دوای هەوڵێکی بێ ئەنجامی لەسێدارەدانی تاوانبارێک بە ناوی "کریستا پایک" لە هەفتەی رابردوودا لە ویلایەتی تێنسی لە باشوری وڵات.

پایک تا ئێستاش لە نەخۆشخانەدا لە بارودۆخێکی مەترسیدادایە دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە لە دوو دەرزی کوشندە رزگاری بوو، کە بڕیار بوو بەهۆیەوە بێتە یەکەم ژن کە لە دوای زیاتر لە دوو سەدەوە لە ویلایەتی تێنسی لەسێدارە بدرێت.

لە پێنج ویلایەتی ئەمریکادا رێگە بە بەکارهێنانی مەفرەزەی تەقەکردن/سێدارەدان دەدرێت بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان. بەڵام سوپای ئەمریکا لە ساڵی 1961 ەوە ئەم شێوازەی بەکارنەهێناوە.

نیزال حەسەن لە کاتی دادگاییکردنەکەیدا بڕیاریدا خۆی بەرگری لە خۆی بکات، بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک پێشکەش بکات یان داوای ئامادەبوونی هیچ شایەتحاڵێک بکات.

ناوبراو هەرگیز تۆمەتەکانی رەتنەکردەوە، و بەپێی پارێزەرە دەستنیشانکراوەکانی لەلایەن دادگاوە، وادیار بوو هەوڵی بەدەستهێنانی سزای لەسێدارەدان دەدات.

لە کاتی دادگاییکردنەکەدا، دانیشتنەکان ئاشکرایان کرد کە حەسەن لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتییەکی سەر بە رێکخراوی قاعیدە هەبووە، کە ئەویش مەلا ئەمریکییەکە "ئەنوەری عەولەقی" بوو، کە لە ساڵی 2011 لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکیدا لە یەمەن کوژرا.