دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کە وڵاتەکەی بەم زووانە دەستدەکات بە پڕکردنەوەی یەدەگی ستراتیژیی نەوتەکەی، بەبێ ئەوەی وردەکاری لەسەر کات یان بڕی نەوتی دیاریکراو بخاتە روو.

ترەمپ لە میانی کۆبوونەوەیەکی هەڵبژاردندا لە شارۆچکەی مۆبیلی ویلایەتی ئالاباما وتی: بەم زووانە و بەبێ هیچ تێچوویەک، یەدەگی ستراتیژیمان پڕ دەکەینەوە. ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هاتن کە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری تایم ئاماژەی بەوە کردبوو ئەمریکا بڕێکی زۆر نەوت لە ڤەنزوێلا وەردەگرێت و بەم زووانە یەدەگی نیشتمانیی پێ پڕ دەکاتەوە.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە یەدەگی نەوتی ستراتیژیی ئەمریکا بۆ نزیکەی 284 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە، کە نزمترین ئاستییەتی لە ساڵی 1982ەوە.

ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکاش رایگەیاندووە کە یەدەگی جیهانیی نەوت لە ساڵی 2026 دا نزیکەی 400 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە.

یەدەگی ستراتیژیی نەوتی ئەمریکا کە لە ساڵی 1975 دامەزراوە، گەورەترین یەدەگی بارودۆخی فریاگوزارییە لە جیهاندا و توانای کۆکردنەوەی 714 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە، بەڵام لە ئێستادا تەنیا 40٪ی توانای کۆگاکردنی راستەقینەی پڕکراوەتەوە.