ئیسرائیل کارەکانی لە پڕۆژەی ئەندازیاری و سەربازیی "سۆفا 53" خێراترکردووە کە بە "گەردەلولی مەزن"یش ناسراوە، وەزارەتی دەرەوەی سوریاش ئیدانەی ئەو کارەی ئیسرائیل دەکات و بە پێشێلکاری ناو خاکی وڵاتەکەی ناوی دەبات.
ئیسرائیل بەردەوامە لە تەواوکردنی پڕۆژەی گەردەلولی مەزن لە ناوخۆی سووریادا، هێزەکانی ئیسرائیل کارەکانی هەڵکەندن و پتەوکردن لە چوارچێوەی پڕۆژەی "سۆفا 53" لە گوندەوارەکانی باشوری قونەیترە نوێکردەوە، ئەوەش لە هەنگاوێکی نوێدا کە تیشک دەخاتەوە سەر ئەم پڕۆژە سەربازییەی لەسەر درێژایی هێڵی جیاکەرەوەی بەرزاییەکانی جۆلان دەڕوات.
بەپێی راپۆرتەکانی میدیاکانی سوریا، هێزەکانی ئیسرائیل کارەکانی هەڵکەندنیان لە رۆژئاوای گوندی "عەشە" لە سنوری قونەیترە بەردەوامی پێداوە، پڕۆژەکە کە بە ناوی "سۆفا 53" ناسراوە، بریتییە لە دورستکردنی رێگایەک بەدرێژایی هێڵی جیاکەرەوە لە ناوچە سنورییەکەدا.
گەڕانەوەی ئامێرە ئەندازیارییەکانی ئیسرائیل بۆ ناوچەکە هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامیی جووڵە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە بەشێک لە باشوری سووریا؛ بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، لە رۆژانی رابردوودا بەزاندنی سنور و جوڵەی سەربازی لە گوندەوارەکانی قونەیترە و دەرعا تۆمارکراون، لەگەڵ بەردەوامیی کارەکانی هەڵکەندنی زەوی، پتەوکردن و دروستکردنی بنکەی سەربازی نوێ.
پڕۆژەی "سۆفا 53" چییە؟

پڕۆژەی "سۆفا 53" کە بە پڕۆژەی گەردەلولی مەزنیش ناسراوە، پڕۆژەیەکی ئەندازیاری و سەربازیی ئیسرائیلە کە لە ناوەڕاستی ساڵی 2022ەوە بە پلەبەند لە ناوچەی دابڕێنەر لە گوندەواری قونەیترە دەستی پێکردووە.
پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی رێگایەکی سەربازی بە پانی نزیکەی هەشت مەتر، لەگەڵ بەرزکردنەوەی بەربەستی خۆڵ و کۆنکرێتی بە بەرزایی نزیکەی پێنج مەتر، جگه لە هەڵکەندنی خەندەق و دروستکردنی خاڵی چاودێری لەسەر درێژایی ئەم رێگایە.
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی سجلی سوری بۆ راهێنانی روداوەکان، رێڕەوی پڕۆژەکە لە پەراوێزی شارۆچکەی "حەزر" لە باکوری قونەیترەوە دەست پێدەکات و بە شارۆچکەکانی جەبسا خەشەب، حەمدییە، قەحتانیە، رویحینە، بەئر عەجم و بریقەدا تێدەپەڕێت تا دەگاتە عەشە و سێگۆشەی سنوری لە باشوری پارێزگاکە.
ئیسرائیل ئەم کارانە وەک بەشێک لە رێکارە ئەمنییەکانی لەسەر سنور دەخاتە ڕوو، لە کاتێکدا چاودێران پێیانوایە ئەم کارە ئەندازیارییە بەردەوامانە سەپاندنی واقیعێکی مەیدانیی نوێیە لە ناوچەی دابڕێنەردا.
دەستپێکی جێبەجێکردنی "سۆفا 53" بۆ پێش روخانی رژێمی بەشار ئەسەد دەگەڕێتەوە، بەڵام لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024ەوە خێراییەکی زیاتری بەخۆیەوە بینی، بەوپێیەی ئیسرائیل قۆستنەوەی گۆڕانکارییەکانی دوای روخانی رژێمی ئەسەدی بەکارهێنا بۆ فراوانکردنی کارە ئەندازیاری و سەربازییەکانی.
"پتەوکردنی سنورەکان"
لە بەرانبەردا، ئیسرائیل دەڵێت جوڵەکانی لە باشوری سوریا پەیوەندیدارن بە "هۆکاری ئەمنی و پێویستی رێگریکردن لە هەڕەشە ئەگەرییەکان بۆ سەر سنورەکانی"، لە کاتێکدا دیمەشق ئەم جووڵانە بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی خۆی و رێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکان لە ساڵی 1974 دەزانێت.
بەپێی زانیارییە ناوخۆییەکان، دەستبەسەرداگرتنی خاکی زەویوزاری کشتوکاڵی بە قووڵایی 300 تا 1000 مەتر لە هەندێک ناوچەدا تۆمارکراوە، لەوانەش داگیرکردنی نزیکەی حەوت هەزار دۆنم زەوی لە ناوچەی جەسبا خەشەب.
رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرونۆت"ی ئیسرائیلی پێشتر ئەم پڕۆژەیەی بە "پڕۆژەیەکی ئەندازیاریی زەبەلاح بۆ پتەوکردنی سنورەکان" وەسف کردبوو، بەوەی خەندەقی قوڵ و بەربەستی بەرگریی تێدایە.

ناڕەزایەتییەکانی سوریا
لە مانگەکانی رابردوودا ناڕەزایەتییەکانی سوریا بەرانبەر جوڵەکانی ئیسرائیل روی لە زیادبوون کردووە؛ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاندبوو، دیمەشق 65 حاڵەتی بەزاندنی سنوری لەلایەن ئیسرائیلەوە لە مانگی تەمموزدا و 52 حاڵەتی تر لە 18 رۆژی یەکەمی مانگی ئابدا تۆمار کردووە.
هاوکات ئەمڕۆش وەزارەتی دەرەوەی سوریا لە راگەیەراوێکدا ئەو کارانەی ئیسرائیلی بە پێشێلکاری لەناو خاکەکەی وەسف کرد و رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی دەکەن.
مێژووی رێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکان لە نێوان سوریا و ئیسرائیل بۆ 31ـی ئایاری 1974 دەگەڕێتەوە، کە تێیدا بڕیاری جیاکردنەوەی هێزەکان و دروستکردنی ناوچەیەکی دابڕێنەر لە نێوانیان بە چاودێریی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان درا.