سەرۆکی روسیا هۆشداریی بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ و ئەتۆمی دەدات و رایدەگەیەنێت، لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر کاڵینینگراد، سەرجەم چەکەکانیان بەکاردێنن.

ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەستەمە بە دڵنیاییەوە بگوترێت چەکی کۆمەڵکوژ هەرگیز بەکارناهێنرێت، جەختیشی لەسەر پێویستیی رێگریکردن لە رودانی سناریۆیەکی لەو شێوەیە کردەوە.

پوتن لە میانی وتارێکیدا لە کۆڕبەندی "ڤالادای" بۆ شارەزایانی نێودەوڵەتی لە موسکۆ وتی، "ئایا دەتوانین دڵنیا بین لەوەی ئەم چەکە هەرگیز بەکارنایەت؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر، دەبێت ئەم بابەتە لەبەرچاو بگرین و لێی بەدوور بوین."

سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ گۆڕانی نەخشەی جیهان، بەردەوامبوونی ململانێ نێودەوڵەتییەکان ئەگەرێکی زۆر بەهێزە، بەڵام هاوتەریب بە پاشەکشەی "هەژموونی رۆژئاوا" رەوشەکە بەرەو باشتربوون دەچێت.

هاوکات پوتن هۆشداریدا لەوەی ئەگەر هێزەکانی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) هێرش بکەنە سەر هەرێمی "کاڵینینگراد"، موسکۆ بژاردەی بەکارهێنانی "تەواوی جۆرەکانی چەک" تاوتوێ دەکات، بە چەکی ئەتۆمیشەوە، بەڵام جەختی کردەوە کرملن نیازی نییە هێرش بکاتە سەر هیچ لایەنێک.

پوتن وتیشی: "ئەگەر بابەتەکە بگاتە هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر روسیا و بە تایبەتی بۆ سەر کاڵینینگراد، ئەوا پرسی بەکارهێنانی سەرجەم ئەو چەکانەی هەمانە دەکەوێتە سەر مێز."

ئەم هۆشدارییانەی پوتن هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکان لە دەوروبەری هەرێمی کاڵینینگراد، کە ناوچەیەکی دابڕاوی روسیایە و دەکەوێتە نێوان پۆڵەندا، لیتوانیا و دەریای بەڵتیک، لە مانگەکانی رابردوودا ناتۆ چەندین راهێنانی سەربازیی لە سنورەکانی ئەو ناوچەیە ئەنجامداوە، ئەمەش وایکرد موسکۆ هۆشداری رەسمی بداتە ناتۆ لە بەرانبەر بەرزبوونەوەی بێپێشینەی چالاکییە سەربازییەکانی لە سنورەکانی رۆژئاوای روسیا.