رێککەوتنی بەریتانیا و فەڕەنسا بۆ ئاڵوگۆڕی کۆچبەران کۆتایی هات
سەوسەن سەید
١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
رێککەوتننامەی هاوبەشی نێوان بەریتانیا و فەڕەنسا بۆ گەڕاندنەوە و ئاڵوگۆڕی کۆچبەرانی گەروی مانش گەیشتە وێستگەی کۆتایی و نوێ نەکراوەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند: پڕۆسەکە لەمەودوا کەیسی نوێ وەرناگرێت، بەڵام گەشتە ئاسمانییەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانەی پێشتر ناویان تۆمارکراوە، بۆ چەند هەفتەیەکی تر بەردەوام دەبن.
ئەم رێککەوتنە لە تەممووزی 2025 لەسەر بنەمای «یەک بەرانبەر یەک» ئیمزا کرابوو؛ بەپێی رێککەوتنەکە، بەریتانیا ئەو پەنابەرانەی بە بەلەمی بچووک دەپەڕینەوە رەوانەی فەڕەنسا دەکردەوە، لە بەرانبەردا هەمان ژمارە لەو پەنابەرانەی لە فەڕەنسا داواکارییەکەیان پەسەند کرابوو، وەردەگرت.
بڕیاربوو پەیماننامەکە لە نیسانی 2026 بەسەرپچێت، بەڵام تا 1ی تشرینی یەکەم درێژکرایەوە. وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنساش پشتڕاستی کردەوە کە ئێستا لەگەڵ لەندەن لە دانوستاندندان بۆ دیاریکردنی مەرجەکانی کۆتاییهێنان بەم بەرنامەیە.
کۆتاییهاتنی رێککەوتنەکە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2026دا ژمارەی پەڕینەوەی نایاسایی بە بەلەمی بچووک زیاتر لە 40٪ کەمی کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی "Ipsos"، بابەتی کۆچبەری هێشتا لە سەرووی نیگەرانییەکانی هاووڵاتیانی بەریتانیادایە و 44٪ی خەڵک وەک کێشەی سەرەکیی وڵاتەکەیان دەیناسێنن.



