کۆشکی کرێملین بەڕەسمی رەتیکردەوە ئێران لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) بکشێتەوە و جەختی کردەوە کە پێویستە تاران وەک ئەندامێکی بەرپڕس لەم پەیماننامەیەدا بباتەوە.

دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین رایگەیاند: موسکۆ دژی هەر هەنگاوێکە بۆ کشانەوەی ئێران لە پەیماننامەکە، چونکە ئەم پەیماننامەیە بە بەردی بناغەی سیستەمی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دادەنرێت. هیواشی خواست تاران بە بەردەوامی وەک ئەندامێکی گرنگ و بەرپڕس لە چوارچێوەی بەڵێننامەکەدا بمێنێتەوە.

ئەم هەڵوێستەی کرێملین دوای ئەوە هات کە عەلی نێکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عەباس گودەرزی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئاماژەیان بەوە کردبوو کە تاران تاوتوێی کشانەوە لە پەیماننامەکە دەکات وەک "هەنگاوێکی واقیعی و ئاسان بۆ جێبەجێکردن".

پیسکۆڤ لەم بارەیەوە روونی کردەوە: کۆشکی کرێملین چاودێری ئەو لێدوانانەی پەرلەمانی ئێرانی کردووە و پێویستیان بە روونکردنەوەی زیاتر هەیە.

وتەبێژی کرێملین ئەوەشی خستەڕوو کە هاوبەشە ئێرانییەکان لەسەر بەرزترین ئاستەکان بەردەوام جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تاران هیچ کارێک ناکات و هیچ پلانێکی نییە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، بەڵکو پابەندە بە بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی سیستەمی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و تەنیا مەبەستی پەرەپێدانی کەرتی ئاشتییانەی ئانۆژیی ئەتۆمییە.