فەرەنسا سەرقاڵی ئامادەكردنی رەشنووسی پرۆژەبڕیارێكە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ئازادیی هاتوچۆی دەریایی و كەشتیوانی لە گەروی هورمز.

لێپرسراوێكی باڵای فەرەنسا بە ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێسی راگەیاندووە، وڵاتەكەی سەرقاڵی ئامادەكردنی رەشنوسی پرۆژەبڕیارێكە بە مەبەستی مسۆگەركردنی ئازادی هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمز بە سەلامەتی لە رێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە.

وتیشی، پرۆژەبڕیارەكە جەخت لە پێویستی رێزگرتن لە ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەروی هورمز دەكاتەوە كە رۆڵی لە ئاسایشی خۆراك و وزە هەیە لە جیهاندا.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشنیازەكە یادخستنەوەیەك دەبێت بۆ پێویستیی رێزگرتن لە یاسای دەریاكان و رێڕەوی بازرگانیی و پشتگیریكردنی دەستپێشخەریی ئاشتیخوازانە.