لافاوێکی وێرانکەر بانكۆكی پایتەختی تایلەندی گرتووەتەوە
محەمەد رزگار
٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و بەردەوام، ئاو ناوچە جیاوازەکانی شاری بانكۆكی پایتەختی تایلەندی داپۆشیوە و بووەتە هۆی پەککەوتنی هاتوچۆ و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری دانیشتووان.
بەپێی زانیاریی لێپرسراوانی شارەکە، بارانبارینەکە لە نیوەڕۆی پێنجشەممەوە تا بەیانیی ئەمڕۆ شەممە بەردەوام بووە، بەو هۆیەوە کەناڵە سەرەکییەکانی ئاوڕشتن لە شارەکەدا پڕبوون و ئاستی ئاو لە هەندێک ناوچە 20 سانتیمەتر (تێپەڕاندووە، لافاوەکە رووبەرێکی زۆری بانكۆكی گرتووەتەوە، بە تایبەتی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی شارەکە، ئەمەش بووەتە هۆی داخرانی شەقامەکان و پەککەوتنی جووڵەی ئۆتۆمبێلەکان؛ تا ئەو رادەیەی زۆرێک لە شۆفێران ئۆتۆمبێلەکانیان لە ناو ئاودا جێهێشتووە.
لای خۆشییەوە دەستەی کەشناسیی تایلەند هۆشداریی داوە لە بەردەوامیی بارانی بەخوڕ لە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکەدا تا سبەینێ یەکشەممە.
بەپێی ئامارە رەسمییەکان، تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 84 هەزار کەس لە 21 هەرێمی وڵاتەکەدا بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان پێگەیشتووە و ناوچەکانی ناوەڕاست زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانیش، حکومەت لە رێگەی مۆبایلەوە پەیامی هۆشداریی بەپەلەی بۆ دانیشتووانی ناوچە زیانپێکەوتووەکان ناردووە.



