سەرۆكی كۆریای باشور دەڵێت، ئەگەری بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی لوتكە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و كیم جۆنگ  ئون لە چەند مانگی داهاتوودا بەدوور نازانێت.

لی جای میۆنگ  سەرۆكی كۆریای باشور لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەگەری كۆبوونەوەی لوتكە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكوور لە چەند مانگی داهاتوودا لە ئارادایە.

ئاماژەی بەوەشكرد، كۆریای باشور هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ ئاسانكاریكردن لە دەستپێكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و كۆریای باكوور، چونكە دەستپێكردنەوەی ئەو گفتوگۆیانە لەئێستادا ئاسانترە لە دانوستانی راستەوخۆی نێوان هەردوو كۆریا و رەنگە رێگەخۆشكەریش بێت بۆ ئاساییكردنەوەی گرژییەكان.

ئەو لێدوانانەی سەرۆكی كۆریای باشور لە كاتێكدایە، كیم یۆ جۆنگ  خوشكی سەرۆكی كۆریای باكوور رەخنەی توندی لە مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا گرت و وتی، ئەو مانۆڕانەی ئەمریكا هۆكاری زیادبوونی گرژیی و ئاڵۆزییە ئەمنییەكانن.