بە بەشداریی زیاتر لە 200 كاندیدی كورد، ئەمڕۆ هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمان و پەرلەمانی هەرێمەكان و شارەوانییەكانی سوید بەڕێوەدەچێت، زۆرینەی رەوەندی كوردیش دەنگیان بۆ سۆسیال دیموكراتەكانە.

لەلایەکەوە، زیاتر لە 170 هەزار كەس لە رەوەندی كوردی لە سوید نیشتەجێن، كە دەنگەكانیان كاریگەریی یەكلاییكەرەوە لەسەر ململانێی سەختی نێوان بەرەی چەپ و راست دەبێت، پرسی كۆچبەران و مافەكانیان بووەتە تەوەرێكی سەرەكیی بەرنامەی پارتەكان.

لەلایەکی دیکەشەوە، 64%ـی كاندیدە كوردەكان لەسەر پارتی سۆسیال دیموكراتەكان خۆیان كاندید كردووە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی گشتی و پەرلەمانی هەرێمەكان و شارەوانییەكان.

هاوکات، پارتی سۆسیال دیموكرات جەخت لە دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، مافی ژنان و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان دەكاتەوە، هاوكات لەسەر داوای رای گشتی سیاسەتەكانی كۆچبەری توندتر كردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پارتە راستڕەوەكان بانگەشەی ئەوە دەكەن لەگەڵ سەركەوتنیان، مۆدێلی سیاسەت بەگشتی لە وڵاتەكەیان دەگۆڕن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، كاندیدە كوردەكان ئامانجی سەرەكییان چاوساغیكردن و رێنماییكردنی كۆچبەرانە بۆ خۆگونجاندن و تێگەیشتن لە یاساكان و جێگیركردنی پێگەی رەوەندی كوردی لە كایەی سیاسیی وڵاتەكەدا.