هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەروی هورمزدا بۆ ئاستێکی زۆر نزم دابەزی، بەجۆرێک بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی بەدواداچوونی گەشەپێدانی دەریایی کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراونەتەوە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو تەنها 7کەشتی لە گەروەکە پەڕیونەتەوە.

داتاکان دەریانخستووە کە پێنج کەشتی چوونەتە ژوورەوە و دوو کەشتیش لە گەروەکە دەرچوون، لە کاتێکدا رۆژی پێشتر ١١ کەشتی تۆمارکرابوون.

ئەم دابەزینە بەراورد بە ناوەندی 10 رۆژی رابردوو کە نزیکەی 15 کەشتی بووە لە رۆژێکدا، نیشان دەدات کە هاتوچۆی دەریایی بۆ کەمتر لە نیوە کەمی کردووە.

ئەم ئامارانە ئاماژەن بۆ بەردەوامی ئاڵۆزییەکان لە هاتوچۆی دەریاوانیدا لە رێگەی یەکێک لە گرنگترین رێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا، ئەمەش لە سایەی کاریگەرییەکانی جەنگ و ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی دەوروبەری گەروەکە.

بڵاوبوونەوەی ئەم داتایانە لە کاتێکدایە کە گرنگی هاتوچۆی کەشتیوانی لە رێگەی هورمزەوە بۆ بازاڕەکانی وزەی جیهان لە هەڵکشاندایە، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئاسایشی رێڕەوە دەریاییەکانی دیکەی ناوچەکە، لە سەرەتایاندا دەریای سۆر و باب مەندەب.