بۆ پرسی موچە و پشکی هەرێم؛ وەفدێکی باڵای هەرێم دەچێتە بەغداد
٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
بە مەبەستی جێگیرکردنی پشکی هەرێم و شایستە داراییەکان لە پڕۆژەیاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2027، وەفدێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچنە بەغداد.
محەمەد عەبدولڕەحمان، پەیامنێری کوردسات نیوزی رایگەیاند، وەفدە باڵاکەی حکومەتی هەرێم پێکهاتوون لە ئاوات جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری، د. ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حەکیم خەسرەو بەڕێوەبەری فەرمانگەی زانیاری و بەدواداچون.
بڕیارە وەفدەکە لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عیراق کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ، لەوانە؛ دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی داهاتوو، چارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، دۆسیەی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی.
هەروەها میکانیزمی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی "ئەسیکۆدا" (ASYCUDA) لە دەروازە سنورییەکان، ئەمەش وەک هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەر لە تەواوبونی رەشنووسی بودجەکە لەلایەن بەغداوە.


