کوردستان داوای 140 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە بەغداد دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی
سەوسەن سەید
٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
نوینەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد لە رێگەی نووسراوێکی رەسمییەوە لێژنەی نەوت و گازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاگادارکردەوە لە پێداویستییە بەپەلەکانی هەرێم بۆ بەرهەمە نەوتییەکان و چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی.
لە نووسراوەکەدا بەپشتبەستن بە ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هاتووە: بڕی (50.000) بەرمیل نەوتی رۆژانە کە بۆ ناوخۆی هەرێم تەرخانکراوە بەش ناکات و پێویستە بکرێتە (140.000) بەرمیل نەوتی خاو.
بەپێی نووسراوەکە پێداویستییە راستەقینەکانی هەرێم بریتیین لە: بەنزین بە بڕی 7.000.000 لیتر رۆژانە، گازوایل بە بڕی 1.950.000 لیتر رۆژانە بۆ وێستگەکانی کارەبا، زەیتی سووتەمەنی 3.250 تەن رۆژانە بۆ کارەبا، گازی شل بە بڕی (LPG) 2.000 طەن رۆژانە، نەوتی سپی بە بڕی 563،500،000 لیتر ساڵانە.
حکومەتی هەرێم داوای کردووە بەغداد هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عیراق تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتەکە بگرێتە ئەستۆ، تاوەکو بتوانن بەنزین بە نرخی پشتیوانیکراو کە (450) دینارە دابین بکەن بۆ هاووڵاتییان.


