شارەوانیی سلێمانی: دابەشکردنی زەوی بە شێوازی ئەلیکترۆنی دەستپێدەکاتەوە
محەمەد رزگار
٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت؛ دابەشکردنی زەوی بە شێوازی ئەلیکترۆنی دەستپێدەکاتەوە و پرۆسەکە 75 هەزار فەرمانبەر دەگرێتەوە و لێی سودمەند دەبن.
لە چوارچێوەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیراندا، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنوری سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە و لە رێگەی سیستمێکی پێشکەوتووی ئەلیکترۆنییەوە بەڕێوەدەچێت.
ئەنجومەن حەسێن، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، دابەشکردنی زەوییەکان بەشێوازێکی ئاستبەرز و ئەلیکترۆنی دەبێت، کە تێیدا ساڵانی خزمەتی فەرمانبەری دەکرێتە پێوەری سەرەکی بۆ دەستنیشانکردنی شایستەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرجەم ئەو زەوییانەی لە قۆناغەکانی پێشوودا دیاریکرابوون بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون، هاوکات لە ئێستادا لە سێ ناوچەی نوێ لەگەڵ ناوچە کۆنەکان لەلایەن ئەنجومەنی شارەوانییەوە پێشنیازکراون و رەزامەندیی سەرەتاییان لەسەر دراوە تا رێکارە یاساییەکانیان تەواو بکرێت.
وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی وتیشی، پرۆسەکە زیاتر لە 75 هەزار فەرمانبەر لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەگرێتەوە و لێی سودمەند دەبن.
ئەوەشی خستەڕوو، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی راناگیرێت و بەردەوام دەبێت تا یەک بە یەکی ئەو فەرمانبەرانەی شایستەن، دەبنە خاوەنی زەویی خۆیان.
جێگەی ئاماژەیە، لە ماوەکانی رابردوودا شارەوانی سلێمانی بە چەند قۆناغێک زیاتر لە 23 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکردووە.
لینکی لێدوانی وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بۆ کوردسات نیوز...


