میراتگرانی خاوەنە رەسەنەکانی بینای باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغداد، کە خێزانێکی جولەکەی عیراقین، سکاڵایەکی یاساییان لە پاریس تۆمار کردووە و داوای قەرەبویەک بە بڕی 21 ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆ لە دەوڵەتی فەرەنسا دەکەن، وەک کرێی نەدراوی زیاتر لە 50 ساڵی رابردوی بیناکە.

مێژووی ئەم موڵکە دەگەڕێتەوە بۆ چڵەکانی سەدەی رابردوو، کە خاوەندارێتییەکەی بۆ دوو برای عیراقی دەگەڕایەوە پێش ئەوەی لەگەڵ شەپۆلی کۆچکردنی جولەکەکاندا عێراق جێبهێڵن.

لە ساڵی 1964دا، باڵیۆزخانەی فەرەنسا گرێبەستی بەکرێگرتنی بیناکەی لەگەڵ ئەو دوو برایە ئیمزا کردبوو، بەڵام دواتر بەهۆی دەرچوونی یاساکانی دەستبەسەرداگرتنی موڵکی جولەکە کۆچکردووەکان لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی عیراقەوە، پاریس ئاڕاستەی گرێبەستەکەی گۆڕی بۆ بەغداد و کرێیەکەی دەدا بە دەسەڵاتدارانی عیراق.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رونیکردووەتەوە کە هۆکاری بەستنی گرێبەست لەگەڵ حکومەتی عیراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خاوەنە رەسەنەکان بەپێی یاساکانی ئەوکاتی عیراق لە موڵکەکانیان بێبەش کرابوون، بۆیە ناچار بوون مامەڵە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغداد بکەن.