سوپای ئێران لە چوارچێوەی قۆناغی 31ی ئۆپراسیۆنی هەورەبرووسکە "صاعقة"، هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوەیت و ئیمارات راگەیاند، لە بەرانبەریشدا بەرگریی ئاسمانیی کوەیت بەرپەرچدانەوەی ئۆپراسیۆنەکەی ئاشکرا کرد.

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانیان سیستەمەکانی پەیوەندیی مانگی دەستکرد، کۆگاکانی کەلوپەل و ئامێر و ئاشیانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئەمریکایان لە بنکەی "ئەحمەد جابڕ" لە کوەیت کردووەتە ئامانج.

بەپێی لایەنە ئێرانییەکان، هێرشەکان بوونەتە هۆی کەوتنەوەی زیان و پێکان لە سیستەمەکانی پەیوەندی و ئاشیانی فڕۆکەکاندا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە: لە چوارچێوەی هەمان ئۆپراسیۆندا، بنکە و شوێنی جێگیربوونی هێزەکان و سیستەمەکانی راداری سوپای ئەمریکا لە بنکەی "منهاد" لە ئیمارات ئامانجی هێرشی مووشەکی و درۆنی بوون.

سوپای ئێران جەختیشی کردەوە: بنکەی ئەحمەد جابڕ رۆڵێکی جەوهەری لە ئامادەیی و پشتیوانیکردنی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەگێڕێت، هەروەها دووپاتی کردووەتەوە: وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی ئەمریکا "توند و یەکلاکەرەوە دەبێت و تا تێکشکاندنی دەستدرێژیکار بەردەوام دەبێت.

لە بەرانبەردا، دەستەی ئەرکانی سوپای کوەیت لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان بەرپەرچی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکای داوەتەوە کە بەهۆی "دەستدرێژیی ئێران"ەوە ئەنجام دراون، ئەمەش هاوكات بووە لەگەڵ لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری وڵاتدا.

 پێشتریش هێزە وشکانییەکانی سوپای ئێران ئامادەیی و بڵاوبوونەوەی یەکە سەربازییەکانیانی لەسەر سنوورەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەرەشەیەک پشتڕاست کردبووەوە.