دوای نزیكەی 300 رۆژ مانەوەی بەردەوام لە دەریادا، كەشتیی فڕۆكەهەڵگری ئەمریكیی ئەبراهام لینكۆڵن بۆ وەرگرتنی پشوویەكی پێنج رۆژە لە تایلەند لەنگەری گرت.

كەشتیی جەنگیی فڕۆكەهەڵگری ئەمریكی ئەبراهام لینكۆڵن كە بە وزەی ئەتۆمیی كاردەكات، دوای 286 رۆژ مانەوەی بەردەوام لە دەریادا و بەبێ وەرگرتنی پشوو، گەیشتە بەندەری "لایم چابانگ" لە نزیك شاری پاتایا لە باشوری بانگكۆكی پایتەختی تایلەند و لەنگەری گرت، بۆ ئەوەی پێنج هەزار كارمەندی كەشتییەكە پشوویەكی پێنج رۆژە وەربگرن.

دەسەڵاتدارانی تایلەندیش 600 كارمەندی ئەمنییان بۆ پێشوازی لە تیمی كەشتییەكە ئامادە كردبوو و پێشبینیش دەكرێت خەرجیی سەربازەكانی ئەمریكا زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلار داهات بۆ كەرتی گەشتیاریی ناوچەكە دابین بكات.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، رەوشی ژیانی سەربازانی سەر كەشتییەكە لە ماوەی رابردوودا مشتومڕی سیاسیی فراوانی لە ناوخۆی ئەمریكادا دروستكردبوو.