مارکۆ رۆبیۆ: رێگە بە ئێران نادەین ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
محەمەد رزگار
٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت؛ وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی فشارەکان بۆ سەر ئێران و رێگە لە هەر ئاستەنگێک دەگرێت کە هەڕەشە لە ئاسایشی دەریاوانی بکات.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێران بەردەوام بووە لە بۆردومانکردنی کەشتییەکان بەتایبەت کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمز، بەڵام لە ئێستادا کۆنترۆڵی ئەو گەروەی لەدەستداوە."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، واشنتۆن هەرگیز رێگە بە ئێران نادات ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هەروەها سەرجەم ئەو شوێن و پێگانە دەکەنە ئامانج کە هەڕەشە لەسەر هێزەکانیان و ئاسایشی دەریاوانیی جیهانی لە گەروی هورمز دروست دەکەن، دەشڵێت؛ گەروەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە و ناکەوێتە ژێر دەسەڵات و کۆنترۆڵی ئێرانەوە.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا رۆبیۆ ئاماژەی بەوەکرد، یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ تاران کۆتایی هاتوو و دەسەڵاتی ئێران لەژێر فشاری بەردەوامدا دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی رێگریی لێبكرێت لە دەستگەیشتن بەو داراییانەی بۆ پاڵپشتیکردنی تیرۆر بەکاریان دەهێنێت.


