ترەمپ: ئێران دوو هەفتەی مابوو بۆ دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی
محەمەد رزگار
٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، واشنتۆن ناچار بووە رێکاری سەربازی دژی تاران بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دەستگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، هاوكات جەختیشی کردەوە کە لە ئێستادا گەروی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند: "ئەگەر کارێکی وەهامان نەکردبا، ئێستا ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بوو،" ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر پێش ساڵێک ئەمریکا بۆمهاوێژەکانی B-2ی نەناردایە بۆ تێکشکاندنی توانا ئەتۆمییەکانی ئێران، تاران تەنهـا "دوو هەفتەی مابوو بۆ دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی".
ترەمپ جەختیشی کردەوە، ئەگەر ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگەیشتایە، ئەوا ئیسرائیل و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسڕانە، هەروەها جەختی کردەوە، ئێران ئامانجی بووە شارەکانی ناوخۆی ئەمریکاش بکاتە ئامانج.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، ئەم لێدانە سەربازییانە لە کاتێکدا ئاڕاستەی ئێران کراون کە ئابوریی ئەمریکا لە رەوشێکی باشدا بووە و نرخی نەوت رووی لە دابەزین کردووە.



