واشنتۆن هۆشداریی لە قورسکردنی سزاکان دەدات و جەخت لە خنکاندنی ئابوریی ئێران دەکاتەوە.

سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن لەبارەی ئێرانەوە گفتوگۆی تایبەتی لەگەڵ چین ئەنجام داوە، ئاشکراشیکرد، ئەگەری زۆرە لە ماوەی هەفتەیەکدا سزای ئابوری بەسەر ئەو بانکانەدا بسەپێندرێت کە هاوکاری ئێراندا دەکەن.

جەختی لەوەشکردەوە، ئەمریکا سورە لەسەر خنکاندنی ئابوریی ئێران و بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی ناکەن، هەروەها هەوڵی دۆزینەوەی ئەو سەرمایە نایاساییانەی تاران دەدەن کە لە گەلی ئێرانی دزیوە.

سەبارەت بە توانا سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئەوەی خستەڕوو، لەناوبردنی ئەو توانایانە کارێکی سەخت بوو، بەڵام پێویست بوو ئەو کارە بکرێت بۆ رێگریکردن لە گەشەپێدانی سیستمی بەرگریی موشەکیی لەلایەن تارانەوە، لە ئێستاشدا سەرجەم ئەو توانایانە بە تەواوی تێکشکێنراون.