ئیسرائیل لە سوپای لوبنان رازی نییە لە ناوچە تاقیكارییەكان و جێبەجێكردنی رێكارەكانی تایبەت بە چەكداماڵینی حزبوڵا.

دەستەی پەخشی ئیسرائیلی بە پشتبەستن بە وتەی لێپرسراوێكی باڵای ئەمریكا ئاشكرایكردووە، ئیسرائیل رازی نییە بەو پێشكەوتنانەی سوپای لوبنان لە ناوچە تاقیكارییەكانی باشوری وڵاتەكەی بەدەستیهێناون بەتایبەتیش لەبارەی چەكداماڵینی حزبوڵا و بە دەستكەوتێكی كەم و پرۆسەیەكی خاو ناوی دەبات.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئیسرائیل دەیەوێت پرۆسەكە خێراتر ئەنجام بدرێت و زووتر كۆتایی بە دۆسێی حزبوڵا بهێنرێت لە ناوچەكانی باشوری لوبنان.

بە وتەی ئەو لێپرسراوەی ئەمریكا، ژمارەیەك ئەفسەری سوپای لوبنان نیگەرانی و ناڕەزاییان دەربڕیوە لە بەرانبەر كشانەوەی هێزەكانی ئیسرائیل لە باشوری وڵاتەكەیان لەم كاتەدا، چونكە پێیانوایە هێشتا سوپای لوبنانی توانای پاراستنی ناوچەكەی نییە.

ئەو لێپرسراوە دەڵێت، ئەو ئەفسەرانەی سوپای لوبنان ترسیان هەیە لەكاتی كشانەوەی ئیسرائیلدا، حزبوڵا جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە و ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی پێكدادان و تێكچوونی سەقامگیریی.