کیەر ستارمەر دەستلەکارکێشانەوەی لە پەرلەمانی بەریتانیا راگەیاند
١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
کیەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، نیازی خۆی بۆ دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستی ئەندامێتی پەرلەمان لە بازنەی (هۆڵبۆرن و سانت پانکراس) راگەیاند، ئەم هەنگاوەش دەبێتە هۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لاوەکی لەو بازنەیەی لەندەن.
ستارمەر لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "کامدن نیو جۆرناڵ" رایگەیاند: نوێنەرایەتیکردنی باشترین بازنەی هەڵبژاردن لە وڵاتدا شەرەفێکی گەورە بووە بۆی، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد لە قۆناغی داهاتوودا سەرنج دەخاتە سەر دۆسیە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش بەرگری، ئاسایش، بازرگانی و تەکەنۆلۆژیا لە جیهانێکدا کە بە خێرایی لە گۆڕاندایە، لەگەڵ بەردەوامبوونی لە کارکردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و کچان، ئەو دۆسیەیەی پێش ئەوەی ببێتە پەرلەمانتار دەستی پێکردبوو.
ستارمەر جەختی کردەوە: میراتەکەی وەکو پەرلەمانتار و سەرۆک وەزیران لە داهاتوودا سوود بە بازنەکەی دەگەیەنێت، بەتایبەت لە دۆسیەکانی نیشتەجێبوونی گونجاو، پەروەردە و کەمکردنەوەی تاوانەکانی بەکارهێنانی چەقۆ.
روونیشی کردەوە: بڕیارەکە دوای بیرکردنەوەیەکی قووڵ هاتوو بە تەواوی پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆک وەزیرانی ئێستا و حکومەتی کارگێڕی دەردەبرێت.
ئەم دەستلەکارکێشانەوەیە دوای ئەوە هات کە پارتی کار 1،496 راوێژکار و 38 ئەنجومەنی خۆجێیی لەدەستدا؛ شکستێک کە بە ریکۆرد ئەژمار کرا و رێگەی خۆش کرد بۆ ئاڵنگاری لەسەر سەرکردایەتی کردنی ستارمەر، کە لە تەممووزی 2024 دوای سەرکەوتنێکی گەورە پۆستەکەی وەرگرتبوو بەڵام دواتر تووشی دابەزینی زۆری جەماوەری بووەوە.



