تاڵیبان بە سەرمایەی کانزاکان هەوڵی نزیکبوونەوە لە ترەمپ دەدات
محەمەد رزگار
٣١ی ئابی ٢٠٢٦
حکومەتی تاڵیبان پێشنیازێکی ئابوری دەخاتە بەردەم ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و ئامادەیی کابول نیشاندەدات بۆ کردنەوەی دەرگای وەبەرهێنان لە سەروەتە کانزاییەکانی وڵاتەکەی کە بە زیاتر لە ترلیۆنێک دۆلار مەزەندە دەکرێت.
رۆژنامەی فایننشال تایمز بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی تاڵیبان هەوڵەکانی بۆ کردنەوەی کەناڵێکی نوێی پەیوەندی لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، ئەمریکا دەستپێکردووە، لە رێگەی پێشکەشکردنی پێشنیازێکی ئابوری کە رێگە بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەدات دەستگەیشتنیان بە سەروەت و سامانە کانزاییەکانی ئەفغانستان هەبێت، لە بەرانبەر سووککردنی سزاکان و ئازادکردنی ملیارەها دۆلاری بلۆکراوی وڵاتەکەیان لە دەرەوە.
ئەمیر خان متەقی، وەزیری دەرەوەی حکومەتی تاڵیبان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "فایننشال تایمز" ئامادەیی کابولی نیشانداوە بۆ پێشوازیکردن لە وەبەرهێنانی ئەمریکی لە کەرتی کانزاکان، ژێرخان، کشتوکاڵ و بازرگانی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نابێت پەیوەندییەکانی نێوان ئەفغانستان و ئەمریکا لە روانگەی جەنگی 20 ساڵەی رابردووەوە سەیر بکرێن، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای دەرفەتەکانی هاوکاریی داهاتوو بێت.
سەرچاوە جیۆلۆجییەکان مەزەندە دەکەن بڕی سەروەتە کانزاییەکانی ئەفغانستان، لەوانە لیتیۆم، مس، ئاسن و کۆباڵت، زیاتر لە ترلیۆنێک دۆلار بێت، تاڵیبان کە لە ئابی 2021ەوە دەسەڵاتی گرتوەتەدەست، هیواخوازە لە رێگەی ئەم دەستپێشخەرییە ئابورییەوە دەست بەسەر نزیکەی 9.5 ملیار دۆلاری یەدەگی بلۆکراوی بانکەکەیاندا بگرێتەوە کە حەوت ملیار دۆلاری لە ئەمریکایە.



