ترەمپ: دوورگەی خارگی ئێرانی وێراندەکەین
سەوسەن سەید
٣١ی ئابی ٢٠٢٦
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە دوورگەی خارگی ئێرانی کراوەتە ئامانج و لەژێر وێرانکاریدایە، هاوکات ڤیدیۆیەکی دروستکراوی بە ژیریی دەستکرد لەگەڵ پۆستەکەیدا هاوپێچ کردبوو.
ڤیدیۆکە دیمەنی کەسێکی تێدا بوو کە لە فڕۆکەوانێکی جەنگی دەچوو و لە پەنجەرەی کابینەکەیەوە سەیری دەکرد، لە خوارەوەش مووشەک بەسەر دامەزراوەکانی دوورگەکەدا دەبارین و کەشتییەکی جەنگیش دەتەقێتەوە و دەسووتێت.
هەروەها ترەمپ لە رێگەی "ترووس سۆشیاڵ"ەوە ڤیدیۆیەکی تری هاوشێوەی بڵاوکردەوە کە تێیدا بۆردوومانی ئەمریکی لە ڤیدیۆ خەیاڵییەکەدا ناوەوەی دوورگەکە دەکاتە ئامانج و دامەزراوە ئامادەکراوەکانی ناو دوورگەکە وێران دەکرێن.
ترەمپ وتیشی: ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆنترۆڵی گەرووی هورمز دەکات، و هەموو مینەکانی لێ لادراوە بە هاوکارییەکی زۆر سنوورداری وڵاتانی تر، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئێران بەردەوامە لەسەر دروستکردنی ئاڵۆزی و بێزارکردن.
وتیشی: واشنتۆن ناتوانێت بەردەوام بێت لە پاڵپشتیکردنی ئەو وڵاتانەی کە لە تەنیشتی ناوەستن، ئێمە ملیارەها دۆلارمان خەرج کردووە بۆ هاوکاریکردنی هاوپەیمانەکانمان، لەوانەش وڵاتانی "ناتۆ" و کۆریای باشور، سەرەڕای رەتکردنەوەی هاوکاری لەلایەن ئەوانەوە کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکان داوای کردبوو.
لە پەرچەکرداری ئێراندا بەرامبەر بەم هێرشە، تەلەفزیۆنی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، مووشەک لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەوە بەرەو ئامانجەکانی ناوچەکە تەقێنراون، لە دوای هێرشەکەی ئەمریکا کە دوورگەی "لارک"ی کردبووە ئامانج.



