ئەمریکا بەنیازە فشار بخاتە سەر وڵاتانی جی 20 بۆ زیادکردنی گوشارەکانی سەر تاران
بڵند
٣٠ی ئابی ٢٠٢٦
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، سکۆت بیسێنتی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کۆبونەوەی وەزیرانی دارایی و پارێزگارەکانی بانکی ناوەندیی جی 20 داوا دەکات تەواوی پەیوەندییە ئابوریی و بازرگانییەکان لەگەڵ تاراندا بپچڕێنن.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکردوە، لە کۆبونەوەکەدا، کە رۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفەتەیە بەڕێوەدەچێت، سکۆت بیسێنت دەیەوێت بە گوشارخستنە سەر وڵاتانی جی 20 فشاری زیاتر بکاتە سەر تاران.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هۆشداریداوەتە ئەو وڵاتانەی بەردەوامن لە کڕینی نەوتی ئێران یان ئاسانکاری بۆ مامەڵەی دیکە لەگەڵ تاران دەکەن، دەکەونە چوارچێوەی سزاکانی ئەمریکاوە.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، کۆبونەوەکە لە کاتێکدایە، جەنگی بەردەوام و داخستنی گەروی هورمز قورسایی لەسەر گەشەی ئابوری لە سەر جیهان و وڵاتانی جی 20 دروست کردوە و ئەو وڵاتانەش لە ژێر فشاری ئابوریدان.



