سەرچاوە رەسمییەکان و میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، "یائیر" کوڕی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەهۆی بوونی هەڕەشە لەسەر ژیانی لە ئەمریکا، بەپەلە گەڕاوەتەوە بۆ ئیسرائیل.

لەو بارەیەوە، دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل (شاباک) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: لەبەر رۆشنایی ئەم مەترسییەدا و دوای ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی ئەمنی بڕیاردرا بەپەلە رزگار بكرێت و بگەڕێندرێتەوە بۆ ئیسرائیل.

سەرەڕای ئەوەی شاباک سەرچاوەی هەڕەشەکەی دەستنیشان نەکردووە، بەڵام درکاندنی ئەم بابەتە تەنها چەند رۆژێک دوای ئەوە هات کە بنیامین نەتانیاهۆ ئاشکرای کرد ئێران پلانی بۆ بەئامانجگرتنی یەکێک لە کوڕەکانی دانابوو.

لەلایەکی ترەوە، تۆڕی تەلەفزیۆنی "نیوزماکس"ی ئەمریکی بڵاوی کردەوە کە یائیر نەتانیاهۆ لە کاتی مانەوەیدا لە شاری میامی لە ویلایەتی فلۆریدا، ئامانجی پلانێکی ئێرانی بووە بۆ تیرۆرکردنی.

تۆڕەکە لەسەر زاری بەرپرسێکی بەدواداچوونی یاسایی ئەمریکاوە گواستوویەتییەوە کە هەواڵگریی ئیسرائیل لە کانوونی یەکەمی 2025دا زانیارییان لەسەر ئەم پلانە دابوو و دەسەڵاتدارانی ئەمریکایان لێ ئاگادار کردبووەوە.

بەپێی زانیارییەکانی نیوزماکس، رێنمایی بە یائیر درابوو کە دەستبەجێ ناوچەکە جێبهێڵێت، سەرەڕای ئەوەی تیمی پاسەوانیی تایبەتی ئیسرائیلی بەبەردەوامی لەگەڵیدا بوون، بەرپرسە ئەمنییەکانیش ئەوەندە بەپەلە بوون کە کوڕەکەی نەتانیاهۆ رزگاربکەن تەنانەت دەرفەتی ئەوەی نەبووە کەلوپەلە تایبەتییەکانیشی لەگەڵ خۆیدا ببات و راستەوخۆ دوای وەرگرتنی فەرمانەکە گەڕاوەتەوە ئیسرائیل.