ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیان کەسی رەوانەی کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست کردەوە، کە لەنێویاندا هاووڵاتیی ئەفغانی وئیرانی هەیە، سەرەڕای ئەوەی پێشتر دادوەرێکی ئەمریکی پارێزبەندی لە رادەستکردنەوەیان پێبەخشیبوون بۆ ئەفغانستان وئیران.

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس لەسەر زاری ئەلما دەیڤد، پارێزەری گەنجێکی ئەفغانییە کە تەمەنی لە دەوروبەری 20 ساڵیدایە بڵاوی کردەوە، کە دادوەرێکی ئەمریکی بڕیاری پاراستنی لە ناردنەوەی بۆ ئەفغانستان دەرکردبوو، بەهۆی بوونی مەترسیی جدی لەسەر ژیانی لەلایەن تاڵیبانەوە.

پارێزەرەکە ئاماژەی بەوەش کرد، خێزانی ئەو گەنجە لە ئەفغانستان رووبەڕووی هەڕەشەی تاڵیبان بوونەتەوە بەهۆی هاوکاریی براکانی بۆ سوپای ئەمریکا.

روونیشی کردەوە کە یەکێک لە براکانی لە ئەمریکا دەژیت و لە ڕیزەکانی سوپای نیشتمانیی ئەفغانستاندا خزمەتی کردووە کە لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکادا هاوکار بوون پێش کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە لە ساڵی 2021دا، هەروەها برایەکی تری فڕۆکەوان بووە و لەلایەن ئەمریکاوە مەشق و راهێنانی پێکراوە و دواتر لەلایەن بزووتنەوەکەوە کوژراوە.

لە لایەکی ترەوە، سافی ئەرفی، بەڕێوەبەری سیاسەتی مافەکانی پەنابەران و کۆچبەران لە رێکخراوی "هیوومان رایتس فێرست" پشتڕاستی کردەوە کە فڕۆکەی دیپۆرتکردنەوەکە کە رۆژی شەممە لە بانگیی پایتەختی کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست نیشتووەتەوە، 12 ئەفغانی و 8 ئێرانی تێدا بووە، لەگەڵ ژمارەیەک کۆچبەری دیکە کە خەڵکی نیپاڵ و نیکاراگوئان.