دیاردەیەكی سروشتیی سنورەكانی نێوان نیپاڵ و هەرێمی تبتی چینی هەژاند و تاوەكو ئێستا گیانلەدەستدانی 165 كەس پشتڕاست كراوەتەوە. ئەم لافاوە بەهێزە كە بەهۆی داڕمانی گەورەی بەستەڵەك و تاشەبەردەوە دروست بووە، لەرینەوەیەكی هاوشێوەی بومەلەرزەی لێ كەوتووەتەوە و بووەتە هۆی بێسەروشوێنبوونی نزیكەی هەزار و 500 كەس. لە ناو قوربانییەكاندا سەدان گەشتیاری بیانی هەن و تیمەكانی رزگاركردن لە ناو دۆخێكی زۆر سەختدا لە هەوڵەكانیان بۆ دۆزینەوەی رزگاربووان بەردەوامن.

لافاوێكی وێرانکەر ناوچە سنورییەكانی نێوان نیپاڵ و هەرێمی تبتی چینی گرتەوەو بەهۆیەوە تا ئێستا گیانلەدەستدانی 165 كەس پشتڕاستكراوەتەوە، ئەمە سەرەڕای بێسەروشوێن بوونی زیاتر لە 1500 كەس كە زۆربەیان گەشتیارن.

ئەم لافاوە بەهێزە وەك تسۆنامی وەسفكراوە، لێپرسراوانی دەسەڵاتدارانی چین و تبت ئاماژە بەوە دەكەن، رەوشەكە زۆر مەترسیدارە و بەهۆی داڕمانی بەفری چیاكان و لافاوی قوڕ و لیتەوە، چەندین گوند و ناوچەی نیشتەجێبوون بەتەواوی لەسەر نەخشە سڕاونەتەوە و هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی رزگاربووان لەناو داروپەردووی خانووەكاندا بەردەوامە.

لە دیوی نیپاڵ، قەبارەی كارەساتەكە زۆر گەورەیە و تیمی فریاگوزاری تەرمی 162 كەسیان دۆزیوەتەوە، لەكاتێكدا لە دیوی چین سێ كەس گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی دوایین راپۆرتەكان، ژمارەی بێسەروشوێنبووان لە نیپاڵ گەیشتووەتە زیاتر لە 826 كەس و لە هەرێمی تبتیش 558 كەسی تر بێسەروشوێنن.

ئەوەی نیگەرانییەكانی زیاتر كردووە، هەبوونی زیاتر لە 860 گەشتیاری بیانییە لەناو لیستەكاندا، كە لە وڵاتانی وەك ئوسترالیا، بەریتانیا، كەنەدا و ئەمریكاوە بۆ گەشت سەردانی ئەو ناوچانەیان كردبوو.

لێكۆڵینەوە جیۆلۆجییەكان دەریدەخەن كە هۆكاری ئەم لافاوە وێرانكەرە داڕمانێكی گەورەی بەفر و تاشەبەرد بووە لە ناوچە شاخاوییەكان، كە لەرینەوەیەكی هاوشێوەی بوومەلەرزەیەكی بەهێز بە گوڕی 5.2 پلە دروستكردووەو بەنداوێكی تەقاندووە.

ئەمەش وایكردووە لافاوێكی خێرا و پڕ لە قوڕ و لیتە بەرەو دۆڵەكانی تریشولی و بوتیكۆشی بڕوات و لە چەند سەعاتێكی كەمدا باڵەخانە فرە نهۆمییەكان و پاسی گەشتیاران رابماڵێت.

لێپرسراوانی گەشتوگوزاری نیپاڵ ئاشكرایان كردووە، لەنێو بێسەروشوێنبووەكاندا 142 هاووڵاتی هیندی، 34 ئوسترالی و چەندین هاووڵاتی تر لە وڵاتانی كۆریای باشوور و هۆڵەندا و پورتوگال هەن.

فەرماندەیی سوپای نیپاڵ و تیمەكانی مانگی سور بەردەوامن لە گواستنەوەی خێزانەكان بۆ ناوچە سەلامەتەكان، بەڵام داڕمانی رێگەوبانەكان و بەردەوامی رەوشی نالەباری كەشوهەوا رێگرێكی گەورەیە لە بەردەم خێراكردنی پرۆسەی گەڕان بەدوای ئەو 47 كەسەی تردا كە كۆمپانیا گەشتیارییەكان بە رەسمی بێسەروشوێنبوونیانی راگەیاندووە.