فرانس پرێس: تا ئێستا زياتر لە 150 کەس بەهۆی لافاوە وێرانکەرەکەی نیپاڵ گیانیان لەدەستداوە
محەمەد رزگار
٢٦ی ئابی ٢٠٢٦
بەهۆی زریان و لافاوێکی وێرانکەر لە ناوچە سنورییەکانی نێوان نیپال و تبتی چین، لانیکەم 157 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسی تر کە گەشتیاری بیانییان تێدایە بێسەروشوێنن.
وتەبێژی پۆلیسی نیپال رایگەیاند، تا ئێستا گیان لەدەستدانی 157 کەس پشتڕاستکراوەتەوە، هاوکات 28 ئەندامی پۆلیس و بەلایەنی کەمەوە 384 گەشتیار و هاووڵاتی بێسەروشوێنن.
ئاژانسی فرانس پرێس ئاشكرایکردووە، بەهۆی هەرەسهێنانی بارستەیەک لە قوڕ و بەرد بۆ ناو روبارێکی سەر سنورەکانی نێوان نیپال و هەرێمی تبتی چین، لافاوێکی بەهێز دروستبووە و دەیان ماڵ، رێگاوبان و پڕۆژەی کارەبای وێران کردووە.
لەلای خۆشیەوە، وەزیری دەرەوەی نیپال لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی رودانی بومەلەرزەیەک لە ناوچەکە، هەرەسی سەهۆڵبەندان رویدابێت و بووبێتە هۆی دروستبوونی ئەم لافاوە کارەسات بارە.
دەستەی گەشتوگوزاری نیپال ئاماژەی بەوەکردووە، لە نێو بێسەروشوێنەکاندا 105 گەشتیاری هیندی، 93 نیپالی، 12 بەریتانی و سێ ئەمریکی هەن.


