تۆم باراک بۆ واشنتۆن بانگهێشت کرایەوە و ئەگەری دوورخستنەوەی هەیە
سەوسەن سەید
٢٥ی ئابی ٢٠٢٦
تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردراوی تایبەتی واشنتۆن بۆ سوریا، بە مەبەستی راوێژکردن بەپەلە بانگهێشتی واشنتۆن کرایەوە. ئەمەش دوای ئەوەی لێدوانەکانی لەسەر بەرزاییەکانی جۆلان ئاڵۆزییەکی دیپلۆماسیی گەورەی دروستکرد.
لۆرا لومەر، رۆژنامەنوس و چالاکوانی پارێزگارکاری ئەمریکی کە لە دونالد ترەمپەوە نزیکە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس بڵاویکردەوە: بانگهێشتکردنەوەی باراک دوای ئەوە هات کە لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا خەریک بوو جەنگێکی هەرێمی لە نێوان ئیسرائیل، تورکیا و سوریادا هەڵبگیرسێنێت؛ ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیلی تۆمەتبار کردبوو بەوەی بە شێوازێکی نایاسایی بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکردووە.
لومەر لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە گواستوویەتییەوە: ئەوەندە خوازیاری ڕۆیشتنی ئەوین، کە رەنگە کۆمپانیایەکی گواستنەوەی کەلوپەل بەکاربهێنین بۆ کۆکردنەوەی ئامێرەکانی. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: رەنگە باراک جارێکی تر نەتوانێت بگەرێتەوە بۆ ئەنکەرە.
دوای دروستبوونی شەپۆلێک لە ڕەخنە و داواکاری بۆ دەستلەکارکێشانەوەی، باراک پاشگەزبوونەوەی لە لێدوانەکانی راگەیاند و روونی کردەوە کە قسەکانی بۆ وەسفکردنی بارودۆخی مێژوویی ناوچەکە بووە، نەەک پشتگیری لە هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەروەها جەختی کردەوە: سیاسەتی ئەمریکا سەبارەت بە جۆلان لەلایەن سەرۆک ترەمپەوە لە ساڵی 2019 دیاریکراوە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.



