نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا لە لێدوانەكانی سەبارەت بە بەرزاییەكانی جۆلان پەشیماندەبێتەوە
٢٤ی ئابی ٢٠٢٦
نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا و باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا لە لێدوانەكانی پێشووی لەسەر بەرزاییەكانی جۆلان پەشیماندەبێتەوە.
لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵێكی ئیسرائیلی تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا و باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا لەبارەی لێدوانەكانی پێشووی سەبارەت بە بەرزاییەكانی جۆلان و ناساندنی وەك خاكێكی داگیركراوی دژ بە بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، رونكردنەوەی دا و ئاماژەی بەوە كرد، قسەكانی تەنها گێڕانەوەی روداوە مێژووییەكان بووە لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە لكاندنی خاكی لوبنان بە ئیسرائیلەوە.
باراك باسی لەوەش كرد، ئاماژەدان بە هەڵوێستی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سەلماندنی ئەو بۆچوونە بووە كە هەر خاكێك بە هێز دەستی بەسەردا بگیرێت، بۆ چەندین نەوە بە كێشە لەسەر دەمێنێتەوە.
باراك جەختی كردەوە كە ترەمپ لە ساڵی 2019دا سیاسەتی ئەمریكای لەسەر بەرزاییەكانی جۆلان دیاری كردووە و ئەو سیاسەتەش هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە.
ئەم رونكردنەوەیەی تۆم باراك دوای ئەوە دێت كە یسرائیل كاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لێدوانەكانی باراكی بە پڕ لە چەواشەكاری و دژ بە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ناوبرد.



