ئەمریکا بڕیاریداوە هەفتەی داهاتوو کۆمەڵێک سزای نوێ کە بەسەر ئێراندا سەپاندوویانە، بۆ رای گشتیی ئاشکرابکەن و داوا لە چینیش دەکات هەمان رێچکە بگرێتەبەر.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو سكۆت پێنسێت وەزیری گەنجیەنی ئەمریكا لە رێوڕەسمێكدا زنجیرە سزا نوێیەكەی سەر ئێران رابگەیەنێت كە وەك ئەو وڵاتە بانگەشەی بۆ دەكات قورسترین سزایە لە مێژوودا بۆ سەر ئەو وڵاتە.

رۆیتەرز ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە رێوڕەسمەكەدا وەزیری گەنجینەی ئەمریكا داوا لە چین دەكات، سزا بەسەر ئێراندا بسەپێنێت كە یەكێكە لە هاوپەیمانە بازرگانییە بەهێزەكانی ئێران و كڕیاری زیاتر 80%ـی نەوتی ئێرانە.

ئەو ئاژانسە ئاشكراشیكردووە، ئەمریكا چەندین كارتی فشاری بەهێزی بەدەستەوەیە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەرامبەر ئێران بەكاریبهێنێت، تاكو ئەو وڵاتە ناچاربكات بە كردنەوەی گەروی هورمز و رێككەوتن لەسەر مەرجەكانی ئەمریكا، دیارترینیان هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ئەتۆمییەكەی.