ترەمپ: ئەگەر یاسا رێگە بدات خۆم کاندید دەکەمەوە
سەوسەن سەید
٢٢ی ئابی ٢٠٢٦
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە خۆشحال دەبێت بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتی خۆی بپاڵێوێت، هاوکات مەخابنی خۆی دەربڕی بەرانبەر ئەو رێگرییە یاساییانەی لەئارادان.
ترەمپ لە وتارێکدا بەرانبەر لایەنگرانی لە ویلایەتی کارۆلاینای باشور وتی: بەداخەوە هەندێک یاسا و رێنماییمان هەیە کە رێگری دەکەن لە خۆپالاوتن بۆ جار سێیەم، ئەگەر بیانهەوێت ئەوە بگۆڕن، ئەوا من زۆر خۆشحال دەبم.
بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەبچێت، بەڵام سەرۆکی ئێستای ئەمریکا چەندین بارە ئاماژەی بە ئەگەری خۆپالاوتنی بۆ خولی سێیەم کردووە و رایگەیاندووە: رێگەی جیاواز هەن بۆ ئەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەموارکردنەوەی 22یەمی دەستووری ئەمریکا دەڵێت هیچ کەسێک بۆی نییە زیاتر لە دوو خولی چوار ساڵی پۆستی سەرۆکایەتی وەربگرێت، و خولی ئێستای ترەمپ خولی دووەمیەتی
یەکێک لە تاقە رێگەکان بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە، هەموارکردنەوەی خودی دەستوورە، کە ئەوەش پرۆسەیەکە پێویستی بە رەزامەندی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و پیران هەیە، و دواتریش پەسەندکردنی لەلایەن سێ لەسەر چواری ویلایەتەکانەوە (38 ویلایەت).



