فاینانشاڵ تایمز: زیلینسکی دەیەوێت بە سودوەرگرتن لە ئینتەرنێتی ستارلینک هێرشی درۆنی بکاتە سەر روسیا
بڵند
٢١ی ئابی ٢٠٢٦
رۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز" لەسەر زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، کە ڤلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین داوای لەئەمریکا و ئیلۆن مەسکی بازرگانی ئەمریکی کردووە رێگەی پێ بدەن سیستمی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی "ستارلینک" لەسەر (درۆن) جێگیر بکات، بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرش لە ناوخۆی خاکی روسیادا.
بەپێی راپۆرتەکە، کیێڤ پێشنیازی کردووە ،کە مەودای بەکارهێنانی ئەو سیستەمە بۆ هێرشەکان تەنها تا قووڵایی 200 کیلۆمەتر بێت، بەو هیوایەی ئەم رێکارە هەلەکانی بەدەستهێنانی رەزامەندیی مەسک زیاتر بکات.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەم بابەتە لە میانی کۆبونەوەی زیلینسکی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپی لە مانگی تەمموزدا و بە ئامادەبونی چەند کەسایەتییەکی دیکە لە نوسینگەکەی تاوتوێ کراوە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکان، ترەمپ پشتیوانی لەو بیرۆکەیە نەکردووە و ئەگەری ئەوەش بەهێزە، کە ئیلۆن مەسک رەزامەندی لەسەر ئەو داواکارییە نەدات.
لە بەرانبەردا، روسیا جەخت دەکاتەوە، کە ناردنی چەک و کەلوپەلی سەربازی لەلایەن رۆژئاواوە بۆ ئۆکراین رێگرە لەبەردەم چارەسەری ئاشتییانە و وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ بەشێوەی راستەوخۆ تێوەدەگلێنێت، لە هەمان کاتدا کرێملین هۆشداری داوە کە ئەو هەنگاوانە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر پرۆسەی دانوستانەکان دەبێت.



