چین دیزاینی فڕۆکەیەکی سەرنشینهەڵگری هاوشێوەی بۆمبهاوێژی B-2ـی ئەمریکی ئاشکرا دەکات
محەمەد رزگار
٢٠ی ئابی ٢٠٢٦
چین دیزاینی فڕۆکەیەکی سەرنشینهەڵگری نوێی ئاشکراکرد، کە شێوەکەی لە بۆمبهاوێژی B-2ـی ئەمریکی دەچێت و توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 800 سەرنشینی هەیە.
سەنتەری توێژینەوە و پەرەپێدانی داینامیکی هەوای چین دیزاینی فڕۆکەیەکی سەرنشینهەڵگری جۆری "باڵی فڕیو"ـی ئاشکرا کرد، کە شێوەکەی لە بۆمبهاوێژی ستراتیژیی B-2 Spiritـی ئەمریکی دەچێت و توانای هەڵگرتنی زیاتر لە 800 سەرنشینی هەیە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی سۆس چاینا مۆڕنینگ پۆست، فڕۆکەکە بە تەواوی بۆ مەبەستی مەدەنی دیزاین کراوە، جیاواز لە فڕۆکە نەریتییەکان، ئەم دیزاینە لاشە، باڵ و کلکی لێک جیا نەکراوەتەوە، بەڵکو هەمووی لە چوارچێوەی یەک پەیکەری پان و یەکگرتوودا کۆکراوەتەوە، ئەمەش بەرهەمداریی داینامیکی هەوا باشتر دەکات و رووبەری ناوەوەی فڕۆکەکە بە شێوەیەکی بە بەرچاو زیاتر دەکات.
تایبەتمەندی و قەبارەی فڕۆکەکە؛
قەبارەی فڕۆکەکە درێژییەکەی 43 مەتر و پانییەکەی 85 مەترە، هەروەها پانایی باڵەکانی 1.6 بەرانبەری بۆمبهاوێژی B-2ی ئەمریکییە.
فڕۆکەکە دەتوانێت زیاتر لە 800 سەرنشین هەڵگرێت، کە نزیکەی 250 سەرنشین لە فڕۆکەی ئەیربەس A380 زیاترە.
تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی ئەم فڕۆکەیە لەوەدایە رووبەری باڵەکانی 1395 مەتر چوارگۆشەیە و خێراییەکەی دەگاتە 0.8 ماخ، کە دەکاتە 980 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا.
تیمەکەی دیزاینەکە ئاماژەیان بەوەکردووە ئەم پڕۆژەیە هێشتا نەبووەتە فڕۆکەیەکی ئامادە بۆ بەرهەمهێنانی بازرگانی، بەڵکو تەنها وەک مۆدێلێکی توێژینەوە لە تاقیگەکانی فڕین و بەرگەهەوادا بەکاردێت.
ئەم هەنگاوەش بەشێکە لە بەرنامەی بەرفراوانی چین بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی فڕۆکەوانیی مەدەنی، کە هاوکات کار لەسەر پڕۆژەکانی وەک C929 بۆ گەشتی دوورومەودا و فڕۆکەی C949ی سەروو خێرایی دەنگ دەکات، کە چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی 2030 یەکەم تاقیکردنەوە و فڕینی ئەو فڕۆکانە ئەنجام بدرێت.



