ترەمپ: کۆریای باکور خاوەنی 57 چەکی ئەتۆمییە
محەمەد رزگار
٢٠ی ئابی ٢٠٢٦
کۆریای باشور هەڵسەنگاندنێکی نوێی بۆ ژمارەی چەکە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکور راگەیاند، کە پێچەوانەی ئەو ئامارەیە پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کردبوو.
ئاهن گیۆ بێک، وەزیری بەرگریی کۆریای باشور رایگەیاند، بەپێی خەمڵاندنەکانی وڵاتەکەی، کۆریای باکور خاوەنی 80 بۆ 120 کڵاوەی ئەتۆمییە، ئەمەش لە کاتێکدایە ترەمپ لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو پیۆنگیانگ خاوەنی "57 چەکی ئەتۆمییە."
لێدوانەکەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە رایگەیاندبوو، بەنیازە لەمساڵدا چاوی بە کیم جۆنگ ئۆن، سەرۆکی کۆریای باکور بکەوێت، بەپێی چاودێران، پێدەچێت کۆبوونەوەکە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا لە پەراوێزی لووتکەی ئاپیک لە چین بەڕێوەبچێت.
ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییانە دوای ئەوە دێن ترەمپ لە بڕیارێکی چاوەڕوان نەکراودا رایگەیاند، مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی لەگەڵ کۆریای باشور کەمدەکاتەوە.



