پوتن بۆ کیم جۆنگ ئۆن: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پیۆنگیانگ لە بەرزترین ئاستی هاوبەشیی ستراتیژیدان
محەمەد رزگار
١٥ی ئابی ٢٠٢٦
ڤلادیمێر پوتن جەخت لەسەر بەرزترین ئاستی هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ کۆریای باکور دەکاتەوە و ستایشی "برایەتیی سەربازیی" مێژوویی نێوان هەردوو وڵات دەکات.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا، بەبۆنەی ساڵیادی رزگارکردنی کۆریای باکور لە داگیرکاریی ژاپۆن، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاڕاستەی کیم جۆنگ ئۆن، سەرۆکی ئەو وڵاتە کرد و ستایشی "برای سەربازیی" مێژوویی نێوان هەردوو وڵاتی کرد.
بەپێی راگەیەنراوێکی کۆشکی کرملن، پوتن ئاماژەی بە قارەمانێتی نیشتمانپەروەرانی کۆریا و سەربازانی سوپای سور کردووە لە نەبەردییەکانی رزگارکردندا، و جەختی لەوە کردووەتەوە کە لەو قۆناغە سەختەدا بەردی بناغەی پەیوەندییەکانی نێوان موسکۆ و پیۆنگیانگ داڕێژراوە.
سەرۆکی روسیا ئاماژەی بەوەکرد، پەیوەندییەکانی نێوان روسیا و کۆریای باکور گەیشتوونەتە بەرترین ئاست لە هاوبەشیی ستراتیژیی هەمەلایەنە.
پوتن جەختی لەسەر بەردەوامبوونی کارکردنی هاوبەش کردەوە بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا و هەماهەنگیکردن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، بەجۆرێک لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدا بێت.


