بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.7 پلە ئیندۆنیزیای هەژاند و بەهۆیەوە نزیکەی 20 کەس گیانیان لەدەستداوە.

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەدا، بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.7 پلە بەپێوەری رێختەر ناوچەی "فلۆریس"ی لە رۆژهەڵاتی ئیندۆنیزیا هەژاند، و زیانێکی زۆری بە خانوو و باڵەخانەکانی ناوچەکە گەیاند.

دوای روداوەکە و بەهۆی دەرچوونی هۆشیاریی لە ئەگەری دروستبوونی شەپۆلی تسونامی، هاووڵاتیان بە ترس و دڵڕاوکێیەکی زۆرەوە بەرەو ناوچە بەرزەکان رۆشتوون.

دەستەی روپێوی جیۆلۆجی ئەمریکی ئاشکرایکرد، بومەلەرزەکە لە قووڵایی 10 کیلۆمەتر رویداوە و سەنتەرەکەی 68 کیلۆمەتر لە باکوری رۆژئاوای شارۆچکەی "ئێندی" لە پارێزگای نوسا تەنگارای رۆژهەڵات بووە.

لەلای خۆشیەوە، دەستەی کەشوهەوا و جیۆفیزیکی ئیندۆنیزیا رایگەیاند، قووڵایی بومەلەرزەکەی بە 15 کیلۆمەتر بووە و ئاماژەی بەوەکردووە، سەنتەرەکەی 30 کیلۆمەتر لە باکوری رۆژهەڵاتی شاری "مبای" بووە، و هۆشیاریی توندیان لە ئەگەری گەیشتنی شەپۆلی تسۆنامی بۆ ناوچە کەناراوییەکان دابوو.

لە نوێترین پێشهاتدا، ئاژانسی رۆیتەرز پشتڕاستی کردەوە، شەپۆلی تسۆنامی بە بەرزیی کەمتر لە یەک مەتر لە چەند ناوچەیەک تۆمارکراوە، بەمەش مەترسییەکە لە ئاستی هۆشیارییەوە بووە راستییەکی مەیدانی و شەپۆلەکان گەیشتوونەتە کەناراوەکان.

ئاژانسەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، بەپێی نوێترین ئامار بەهۆی بومەلەرزەکەوە نزیکەی 20 کەس گیانیان لەدەستداوە.