جێگری سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ گەروی هورمز سەقامگیریی نرخەكانی نەوت و غاز دەستەبەر دەكات.

جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمریكا، رایگەیاند: گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ گەروی هورمز، سەقامگیریی نرخەكانی نەوت و غاز لەسەر ئاستی جیهان دەستەبەر دەكات.

راشیگەیاند: بڕوای تەواوی هەیە بەوەی ئەم قەیرانە كۆتایی دێت بە بەهێزكردنی پێگەی ئەمریكا و رێگریكردن لە ئێران لە بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی.

سەبارەت بە نەگەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئێران، ڤانس ئاماژەی بەوەكرد: كێشەكە لەوەدایە ئێرانییەكان بەڵێن دەدەن و پێوەی پابەند نابن، رێككەوتن دەكەن و پاشان جێبەجێی ناكەن.

ئەم لێدوانانەی ڤانس لە كاتێكدایە كە ناكۆكییەكان دەربارەی گەروی هورمز و ئازادیی كەشتیوانی، لەنێوان واشنتۆن و تاراندا گەیشتوونەتە ئاستێكی باڵا و هەر لایەنێك هێوركردنەوەی رەوشەكەی بەستووەتەوە بە مەرجەكانی خۆیەوە.