فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە توندی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە کوژرانی 7 دەریەوان لەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری 'یو ئیس ئیس ئەبراهام لینکۆڵن' دەکەن و رایدەگەیەنێت، هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان لەنێو هێزەکانیاندا رووینەداوە|

سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا، ئەمڕۆ هەینی، بڵاویکردەوە: لە ماوەی 48 سەعاتی رابردوودا، چەندین دەزگای راگەیاندن زانیاریی ناڕاست و بێبنەمایان دەربارەی ئەرکی کەشتیی ئەبراهام لینکۆڵن بڵاوکردووەتەوە.

راپۆرتێک بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە حەوت دەریەوان لە شەڕێکدا لەسەر کەشتییەکە گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا راپۆرتی تر ئاماژەیان بە زیادبوونی بیرۆکەی خۆکوژی لەنێو سەربازاندا کردبوو، ئاشکرای دەکەین کە تەواوی ئەم دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە.

دەستەی فەرماندەیییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: کەشتیی فڕۆکەهەڵگری 'ئەبراهام لینکۆڵن' یەکێک لە بەرزترین رێژەکانی درێژکردنەوەی خزمەتی سەربازیی لەنێو کارمەندانی تۆمارکردووە بە رێژەی84.4% بە بەراورد لەگەڵ تەواوی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی تری هێزی دەریایی ئەمریکا.

لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتوو بوو: دەریەوانان و هێزەکانی دەریایی (مارینز) لە کۆمەڵەی شەڕکەری ئەبراهام لینکۆڵن پاش زیاتر لە 260 رۆژ مانەوە لە دەریا، ئاهەنگگێڕان بە ئەنجامدانی 10،000 فرینی ئاسمانی و بەکارهێنانی 1.5 ملیۆن پاوەند تەقەمەنی، هێشتا ورە و ئیرادەیەکی بەرزیان هەیە. هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان لەنێو کارمەندانی سەر کەشتییەکە رووینەداوە، و تەنانەت ئەو تاقە دەریەوانەش کە لە 3ی ئابدا کەوتبووە ناو دەریاوە، بەخێرایی و بە سەلامەتی رزگارکرا.

لە کۆتاییدا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی کردەوە: ئەو رووماڵە میدیاییە چەواشەکارانەی دەربارەی ئەرکە مێژووییەکەی ئەبراهام لینکۆڵن دەکرێت، بێڕێزییە بەرانبەر پیاوان و ژنانی هێزە چەکدارەکانمان و بنەماڵەکانیان.